کوژرانی سەجاد فەیزی، محەممەد جەعفەری و عرفان جامەشوورانی لە ناڕەزایەتییەکانی کرماشان
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥
سەجاد فەیزی، محەممەد جەعفەری و عرفان جامەشوورانی سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژران. بەمەش هەتا ئێستا ناسنامەی ١٥ کەس لە کوژراوانی کرماشان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، سەجاد فەیزی، محەممەد جەعفەری و عرفان جامەشۆرانی، هەر سێکیان خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراون.
وردەکارییەکانی کوشتنی ئەم سێ لاوە کوردە بە دەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن هەنگاوەوە خەریکی پێداچووەنەوە.
بە پشت بەستن بە ئامارەکانی تۆمارکراو لە ناوەندیی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانی کەم ١٥ هاووڵاتیی کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە کرماشان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکانەوە کوژراون ناسنامەیان ئاشکرا بووە.