کوژرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەردەشێر زارعی و محەممەد سەیدی لە ساوه و کەرەج بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان
هەنگاو، چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥
دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەردەشێر زارعی، پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی شاری داڵاهۆ و محەممەد سەیدی، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساوه و کەرەج کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ئەردەشێر زارعی، تەمەن ٤٠ ساڵ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی "درویت"ی داڵاهۆ لە ساوه، و محەممەد سەیدی، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان کوژران.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، محەممەد سەیدی کە سەرپەرشتیاری بنەماڵەکەی بوو، چەند ساڵ پێش بەهۆی کێشەی بژێوییەوە لەگەڵ سێ خوشکی لە سەرپێڵی زەهاوەوە بەرەو کەرەج کۆچیان کردبوو.
هەروەها، ئەردەشێر زارعی کە نەخۆشیی دڵی هەبوو، لە کاتی سەردانیکردنی دەرمانخانەیەک لە ساوه، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان لە سەری، کوژراوە.
ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو ٢٥ی بەفرانبار لە گوندی زێدی خۆی بەڕێوە دەچێت.