ئەحەد ئیبراهیم‌پوور عەبدولی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە نورئاباد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٦:٠٠

هەنگاو؛ هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥

ئەحەد ئیبراهیم‌پوور عەبدولی، هاووڵاتیی خەڵکی نورئاباد (دولفان) سەر بە پارێزگای لوڕستان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارەدا و بە هۆی بەرکەوتنی سێ گوللە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ئەحەد ئیبراهیم‌پوور عەبدولی، هاووڵاتیی سەڵتی تەمەن نزیک ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی «حەسەن گاویار میربەگ»ی سەر بە دولفان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە مەیدانی بێعسەتی ئەو شارەدا کوژرا.

بە وتەی شایەتحاڵان، سێ گوللە بەر ئەم هاووڵاتییە کەوتووە و پاش ئەوەی گوللەیەک بەر دڵی کەوتووە، گیانی لەدەست داوە.

هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە، ئەحەد ئیبراهیم‌پوور عەبدولی لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتییەکی ژن کە هێزە حکومەتییەکان خەریکی دەستبەسەرکردنی بوون، کراوەتە ئامانجی تەقە و گیانی بەخت کردووە.

هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن پێشنوێژی هەینیی ئەو شارە و هێزە ئەمنییەکانەوە خراونەتە ژێر گوشار بۆ ئەوەی کوڕەکەیان وەک هێزی بەسیج بناسێنن و بڵێن بە دەستی کەسانێک کە ناویان ناوە «هێزی مونافیق» تەقەی لێ کراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە