کرماشان؛ تیام کیانیمەنێش بەهۆی هەڵمژینی گازی فرمێسکڕێژی تەقێندراو لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە گیانی لەدەست دا
هەنگاو، شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی تیام (محەممەدرەزا) کیانیمەنێش، خەڵکی شاری کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا، بەهۆی هەڵمژینی گازی فرمێسکڕێژی تەقێندراو لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، تیام کیانیمەنێش، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی کرماشان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا کوژرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمی تیام کیانیمەنێش ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانبار لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی شاری کرماشان بە خاک سپێردرا.
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کرد کە نەبوونی شوێنەواری پێکرانی فیشەک و لێدان و کوتان، نیشاندەری ئەوەیە کە ناوبراو بەهۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆری گازی فرمێسکڕێژ گیانی لەدەست داوە، ئەم گێڕانەوەیە لەگەڵ ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی گەڕەکە جیاوازەکانی کرماشانیشدا یەک دەگرێتەوە.