هەنگاو ناسنامەی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد کە لە تاران کوژراون ئاشکرا دەکات
هەنگاو، یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥
نەسیر نەسیری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ڕوستەم ئاوای گیلان، ئەرسەلان قەهرەمانی خەڵکی دیواندەرە و هاووڵاتییەکی کوردی دیکە و خەڵکی سنە بە ناوی ئومید ساعێدی، لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران کوژراون. بە هەژمار کردنی ئەم سێ کەسە هەتا ئێستا ناسنامەی ١٥ هاووڵاتیی کورد کە لە تاران کوژراون لە لایەن هەنگاو بڵاو کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، نەسیر نەسیری خەڵکی ڕۆستەم ئاوا، ئومید ساعێدی ٣٩ ساڵە و خەڵکی سنە و ئەرسەلان قەهرەمانی ٢٦ ساڵە و خەڵکی گوندی کانی چەرموو سەر بە شاری دیواندەرە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان لە تاران کوژراون.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە ، پووریا ساعێدی برای ئومید ساعێدی پاش کوژرانی براکەی، بە تەقەی چەکی ساچمەیی بریندار و پاشان دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا زانیارییەک لە دۆخی تەندرووستی و شوێنی هەڵگرتنی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
ناوەندە حکوومەتییەکان سەرەڕای وەرگرتنی بەڵێننامە لە بنەماڵەی ئەرسەلان قەهرەمانی بۆ ئاگادار نەکردنەوەی گشتی، بڕی ٥٠٠ ملوێن تمەنیان لە بەرانبەر دانەوەی تەرمی منداڵەکەیان لێ ستاندوون. هەروەها بۆ دانەوەی تەرمی ئومید ساعێدی بڕی ٧٠٠ ملوێن تمەن لە بنەماڵەی ئەم گیانبەختکراوە، وەرگیراوە.