سەرپێڵی زەهاو؛ دەستبەسەرکرانی حەوت هاووڵاتیی کورد بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لەو شارە
هەنگاو؛ هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵
حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان بەناوەکانی قائیم بەدری، عەسکەر نەجەفی، ئەحەد مورادی، ئیسفەندیار سەروەری، جەبار جەمشیدی، مەسعوود ئاغایی و مەهدی کەریمی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بە مەبەستی بانگهێشتی خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، قائیم بەدری، عەسکەر نەجەفی، ئەحەد مورادی، ئیسفەندیار سەروەری، جەبار جەمشیدی، مەسعوود ئاغایی و مەهدی کەریمی، هاووڵاتییانی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کران.
مەهدی کەریمی پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوو و ناوی لە نێوان برینداربووانی ئەو بزووتنەوەدایە. ناوبراو لە شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە پارکەکانی سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کراوە.
شایەنی باسە کە ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە دوای ئەوەی ڕاگەیەندراوەی کۆبوونەوەی جەماوەرییان بڵاو کردبۆوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.