هەرسین؛ کوژرانی عەلی عەزیزی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان
١٢ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢١:٤٨
هەنگاو؛ هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵
عەلی عەزیزی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، عەلی عەزیزی جەعفەرئابادی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی گوندی جەعفەرئابادی هەزارخانی و دانیشتووی هەرسین لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا.ناوبراو خێزاندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناڕەزاییە جەماوەرییەکان ئەمشەو و شەوی ڕابردوو ۱۱ی بەفرانبار (۱ی جەنیوەریی ۲۰۲۶) لە شاری هەرسین بەڕێوە چوون و بەپێی ڕاپۆرتەکان چەندین هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار کراون.
سەرچاوە: Hengaw