ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکردنی لانی کەم ١٨ هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز، سەردەشت، بۆکان، دامغان، ئیلام، دێولان، کرماشان، جوانڕۆ و تاران
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
هەژدە هاوڵاتیی کورد لەوانە منداڵێک بە ناوەکانی سدیق یووسفپوور، ئاژوان خزریان، سولەیمان کەریمی، فایەق عەبدوڵڵازادە، هیوا تاتایی، میلاد میرزابەیگی، پەیام میرزابەیگی، سینا میرزابەیگی، جەعفەر نەجەفی، ڕەسووڵ فەتحی، حوسێن ئەمیری، یەدی سەرمەستی، پووریا عەلیزادە، ئەفشین عەزیمی، هیممەت کەریمی، ئارتین ڕوستەمی، هیوا وەیسی و ئەدیب ساڵخۆردە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢١ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، سدیق یووسفپوور (پیرە هەڵۆ)، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» خەڵکی سەقز، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەلگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و پشکنینیان ئەنجام داوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، ئاژوان خزریان، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سەردەشت، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی کە کافینێتی شارکۆیە دەستبەسەر کرا. سەرجەم کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی کافینێتەکەشی دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی سولەیمان کەریمی و فایەق عەبدوڵڵازادە، خەڵکی بۆکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەلگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
ڕۆژێک پێش ئەوە، لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، هیوا تاتایی خەڵکی سەقز لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات لەو شارەدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵەکانی هاوڵاتییان لە یەکەم ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیشدا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستبەسەر کرابوو.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، هیممەت کەریمی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شاری دامغان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بە تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە ئیلام بە ناوەکانی میلاد میرزابەیگی، پەیام میرزابەیگی و سینا میرزابەیگی، بە هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. شایانی باسە کە سینا میرزابەیگی و پەیام میرزابەیگی بران و مییلاد میرزابەیگی ئامۆزای ئەوانە.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، جەعفەر نەجەفی، تەمەن ٤٦ ساڵ و فەرمانبەری کۆمپانیای گازی ئیلام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا.
ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، ڕەسووڵ فەتحی، منداڵی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی دێولان و ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، سێ هاوڵاتیی خەڵکی دێولان بە ناوەکانی پووریا عەلیزادە، تەمەن ٢٤ ساڵ، حوسێن ئەمیری و یەدی سەرمەستی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانبار، ئەفشین عەزیمی کرێکاری تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی گەڕەکی نەقڵییەی کرماشان، بە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، ئارتین ڕوستەمی، خەڵکی گوندی «هویە»ی سەر بە سنە، لە تاران دەستبەسەر کرا. هەروەها دوو هاوڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی هیوا وەیسی، تەمەن ١٨ ساڵ و ئەدیب ساڵخۆردە، تەمەن ١٨ ساڵ، لەو شارەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
ئەم هاوڵاتییانە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.