ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم شەش هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێک لە شارەکانی ئاشخانە، شنۆ، سیروان، زەنجان، کامیاران و سنە

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٥:٣٢

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

لانی کەم ٦ هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێک و خوێندکارێک بە ناوەکانی عادل ڕەئیس قەنواتی، ئەحەد میهەنخوا، ئارەش عەزیزی، دیاکۆ ڕەجەبی، ئیبراهیم ڕوستەمی و ئاکام زەندی لە شارەکانی ئاشخانە، شنۆ، سیروان، زەنجان، کامیاران و سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراون.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا و لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، چەندین هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکان دەستبەسەر کراون کە لیستی ناوەکانیان بەپێی جیاکردنەوەی ناوچەکان و کاتی دەستبەسەرکران بەم شێوەیەیە:

 

خۆراسانی باکوور (ئاشخانە)

عادل ڕەئیس قەنواتی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی «ئاشخانە»ی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هاووڵاتییە دوای ماوەیەک لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە کەرەنتینەی بەندیخانەی بوجنوور ڕاگیراوە.

شنۆ

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، ئەحەد میهەنخوا، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ئیلام (سیروان)

ئارەش عەزیزی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی گوندی «بۆژان»ی سەر بە شارستانی سیروان لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ئەمساڵ، لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوکی بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نییە.

زەنجان

دیاکۆ ڕەجەبی، تەمەن ٢٤ ساڵ، هاووڵاتیی کورد و خوێندکاری ڕشتەی خۆراک لە زانکۆی زەنجان، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابووەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم خوێندکارە کە هاوکات لە کافتریایەکدا کاری کردووە، دوای تەواوبوونی کاتی کارەکەی و لە کاتی چوونە دەرەوە لە شوێنی کارەکەی، لە نزیک شەقامی سەعدیی زەنجان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

کامیاران

ئیبراهیم ڕوستەمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامیاران و باوکی دوو منداڵ، لە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ەوە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ لێپرسینەوە بۆ سنە گواستراوەتەوە. شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣١ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم ڕوستەمی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی کەسوکاری بۆ زانینی دۆخی ناوبراو بێ ئەنجام ماوەتەوە.

سنە

ئاکام زەندی، هاووڵاتیی تەمەن ١٨ ساڵی کورد و خەڵکی سنە، لە ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ەوە، لە کاتی هێرشی هێزە چەکدارە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی باوکی دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەری سنە گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣١ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئاکام زەندی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە