ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٩ هاوڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە
هەنگاو، یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم ٩ هاوڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی ئارەش جەعفەری، عەلیئەحمەد شەفیعی، عەلی ئێمڕایی، ئەمیر ئێمڕایی، کامیار ئێمڕایی، محەممەد شەمسی، ڕەزا مینایی، عەباس جەمشیدی و عەلی دانشپەژووه لە شارەکانی تاران، کەرەج، ئەیوان، چەرداوڵ، بەدرە، دەرەشار و ئاودانان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی ئەم هاوڵاتییانە کە لە کاتی شەپۆلی سەرکوت و دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵەکان لە دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەستبەسەر کراون، لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە و وردەکارییەکانی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ عەلی دانشپەژووه، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی تەڵخاوی سەر بە شارستانی بەدرە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥، عەباس جەمشیدی، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی ئەنجیرەی سەر بە ئاودانان، لە تاران دەستبەسەر کراوە و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە، هێشتا هیچ هەواڵێک لە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، سێ هاوڵاتیی خەڵکی دەرەشار بە ناوەکانی ئەمیر ئێمڕایی ٢٣ ساڵان، کامیار ئێمڕایی ٢٢ ساڵان و محەممەد شەمسی ٢٩ ساڵان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری کەرەج دەستبەسەر کران. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاوڵاتییە نییە.
هەروەها ڕەزا مینایی، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی ئاوئەناری سەر بە شارستانی ئاودانان، لە تاران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
لە هەمان ڕۆژدا ئارەش جەعفەری، هاوڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی شارستانی چەرداوڵ سەر بە ئیلام، لە کاتێکدا کە بەهۆی تەقەی فیشەکی جەنگی لە بەشی قاچی بریندار بوو، دەستبەسەر کراوە. سەرەڕای بارودۆخی جەستەیی ناوبراو، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، عەلی ئێمڕایی، هاوڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی دەرەشار، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نادیارە.
لەو ڕۆژەدا، عەلیئەحمەد شەفیعی، هاوڵاتیی خەڵکی زەرنە، لە شارستانی ئەیوان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بە تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی بڵاو نەکراوەتەوە.