بۆکان؛ دەستبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لەوانە منداڵێک

٧ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١١:٥١

هەنگاو، سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

سەردار شا‌محەممەدی، منداڵی خەڵکی بۆکان لەگەڵ باوک و براکەی، ڕەحیم شا‌محەممەدی و محەممەد شا‌محەممەدی لە هەفتەیەک پێشەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەردار شا‌محەممەدی، تەمەن ١٧ ساڵ و محەممەد شا‌محەممەدی، تەمەن ١٨ ساڵ و باوکیان ڕەحیم شا‌محەممەدی، هاووڵاتییانی خەڵکی بۆکان ٧ ڕۆژی ڕابردوویان لە بێدەنگی و نادیاریی تەواودا لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە.

بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەم سێ هاووڵاتییە بێ‌ئاکام ماوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٩ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە