ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی چوار منداڵ لە لەنگروود، سنە، نەیشابوور و تاران

٢٢ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:١٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵

چوار منداڵ بەناوەکانی ئەدیب ئەحمەدینژاد، مەهدی حەقجوو، ئارمین شەریفیان و محەممەدحوسێن خۆرشیدوەند، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لە شارەکانی سنە، لەنگروود سەر بە پارێزگای گیلان، نەیشابوور سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و کەهریزەکی تاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۹ی فێبریوەریی ۲۰۲۶)، ئەدیب ئەحمەدینژاد، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی کورد و خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۸ی فێبریوەریی ۲۰۲۶)، ئارمین شەریفیان، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی نەیشابوور، لە شوێنی کارەکەی خۆی لە خەتی کاشی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. بەپێێ ڕاپۆرتەکان، باوکی ئەو منداڵە بەهۆی گوشاری دەروونی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی منداڵەکەی تووشی تەشەنوج هاتووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۱۴ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، محەممەدحوسێن خۆرشیدوەند، منداڵی تەمەن ۱۵ ساڵی لوڕ و وەرزشوانی خەڵکی خوڕەمئاوا، لە ماڵەکەی خۆی لە مەسکەنی مێهری کەهریزەکی تاران لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە ناوەندە تایبەتەکانی ڕاگرتنی منداڵان لە تاران گواسترایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو منداڵە لە بەشی تاکەکەسیی ئەو ناوەندەدا ڕاگیراوە.

پێشتر، ڕۆژی ۲۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۱۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، مەهدی حەقجوو، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی گیلەک و خەڵکی لەنگروود، لە ماڵی بنەماڵەکەی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. بنەماڵەی ناوبراو تەنیا لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواستراوەتەوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە