ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی شیلان ساڵحی و ئەسرا تاوسی نیا، دوو خوێندکاری کورد لە ناڕەزایەتییەکانی کرماشان و تاراندا
هەنگاو؛ دووشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
دوو خوێندکاری کورد بە ناوەکانی شیلان ساڵحی خەڵکی بانە و ئەسرا تاوسی نیا خەڵکی سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارەکانی کرماشان و تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، ئەسرا تاوسی نیا، خوێندکاری خەڵکی سونقوڕ و کولیایی و دانیشتووی ناوچەی دەشت بوڵاغی کرماشان، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندار ببوو، دوای چەند هەفتە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری خێرا، گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمی ئەم گیانبەختکردووە لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕێبەندان، لەژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکاندا بە خاک سپێردرا.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، شیلان ساڵحی، خەڵکی شاری بانە و خوێندکاری زانکۆی شەهید بەهەشتی لە تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا.
تەرمی ئەم گیانبەختکردووە لە بەرانبەر ١٥٠ ملیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ئێوارەی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لە گۆڕستانی شارستانی بانە بە خاک سپێردراوە.