ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی دلارام کازمی بە دەست و قاچی شکاوەوە لە بەندیخانە

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٢٢:١٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

دلارام کازمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی (گیەڵان)ی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ٢٩ ڕۆژ پێشەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان، کە میدیا حکومەتییەکان وەک "ناوەندی چاکسازی و پەروەردە" ناوی دەبەن، گواستراوەتەوە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا دراوەتە بەر لێدان و کوتان و لە ناوچەی دەست و قاچیدا تووشی شکان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دێلارام کازمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گێڵان غەرب و دایکی دوو منداڵ، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان گواستراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە سێ ڕۆژ دوای ئازادبوونی، دووبارە لە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە گێڵان غەرب بە توندوتیژی و لێدان و کوتان دەستبەسەر کرابووەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، دێلارام کازمی لە کاتی دەستبەسەرکران و لە ماوەی ڕاگرتنی لە دەستبەسەرگەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و لە بەشی دەست و قاچیدا تووشی شکان بووە و بەبێ ڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.

شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە