ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی نۆ بەندکراو لە بەندیخانەکانی گورگان، قوچان، ئەردەبیل، تەورێز، قەزوین، کرماشان و ئەهەر
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی نۆ بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی تورک و دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ئیرەج مستەفەوی، بەختیار شەهابی، حەسەن عەلاییبەخش، عەلی محەممەدپوور، بێهرووز حەزرەتی، پەیمان شیری، ناسر حوسێنی، محەممەد جەواد نامداری و هاشم عەباسی، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی "کوشتنی ئەنقەست" و "تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی گورگان، قوچان، ئەردەبیل، تەورێز، قەزوین، کرماشان و ئەهەر جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی خەڵکی گورگان بە ناوەکانی ئیرەج مستەفەوی (٤٣ ساڵ)، بەختیار شەهابی و حەسەن عەلاییبەخش (٢٨ ساڵ) لە بەندیخانەی ناوەندیی گورگان جێبەجێ کرا. ئیرەج مستەفەوی نزیکەی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنێک بە بیانۆی نامووسی، حەسەن عەلاییبەخش لە سێ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتن لە کاتی شەڕێکی سەر شەقام و بەختیار شەهابیش لە نزیکەی شەش ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٤ی فێبریوەری)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی عەلی محەممەدپوور، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی قوچان، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی قوچان جێبەجێ کرا.
هەروەها بەرەبەیانی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١ی فێبریوەری)، پەیمان شیری بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، بێهرووز حەزرەتی، بەندکراوی تورکی خەڵکی ئەردەوێڵ بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ناسر حوسێنی خەڵکی قەزوین بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، لە بەندیخانەکانی تەورێز، ئەردەوێڵ و قەزوین لەسێدارە دران.
لەم پێوەندییەدا بەرەبەیانی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٣٠ی جەنیوەری)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەممەد جەواد نامداری، خەڵکی کرماشان، کە پێشتر بە تۆمەتی تاوانەکانی پێوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کراوە.
لە بەردەوامیی شەپۆلی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانەدا، بەرەبەیانی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٧ی جەنیوەری)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بە ناوی هاشم عەباسی، تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی تەورێز و باوکی منداڵێک، لە بەندیخانەی ئەهەر جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە لە نزیکەی شەش ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریەوە ڕانەگەیەندراوە.