ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و گواستنەوەی سەبا خورمایی، سومەیە نەزەری و بەهار ئەکبەری بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان
هەنگاو؛ هەینی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
سێ هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو ژن و منداڵێک، بە ناوەکانی سەبا خورمایی، سومەیە نەزەری و بەهار ئەکبەری منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ، لە ماوەی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی هەرسین و کرماشان دەستبەسەر کراون و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە گواستراونەتەوە. لە نێوان ئەم هاووڵاتییانەدا سومەیە نەزەری لەگەڵ تۆمەتی «محاربە» (دژایەتی خودا) بەرەوڕووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەهار ئەکبەری، منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ و سومەیە نەزەری، هەردووک خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سومەیە نەزەری تۆمەتی «محاربە»ی دراوەتە پاڵ کە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەپاندنی سزای قورس بەسەریدا.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە سەبا خورمایی، هاووڵاتیی خەڵکی شارستانی هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشانیش لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە، هەر سێ ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا دەستبەسەر کراون.