ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی دە هاووڵاتیی کورد بریتی لە دوو منداڵ لە شارەکانی بێستوون، بیجاڕ، بجنوورد، ڕەی، ئیسلامشەهر و هەمەدان

١٨ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٨:٥٤

 

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

دە هاووڵاتیی کورد بریتی لە دوو منداڵ بە ناوەکانی بێهنام گوڵشادنژاد، ئەمیرعەباس ڕەنجبەران، مەیسەم حەیدەرنیا، مانی وەفادار، عەرشیا عیسازادە، عارف خانزادە، عەلی ئاقامحەممەدی، سیروان شەعبانی، مەهدی قیاسوەند و ئەمیرحوسێن قوربانی، لە شارەکانی بێستوون، بیجاڕ، بجنوورد، ڕەی، ئیسلامشەهر و هەمەدان، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەرکراون.

بە پێی ڕاپۆرتیی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان، لانی کەم ٧ هاووڵاتیی بریتی لە دوو منداڵ لە شارە جیاوازەکان دەستبەسەرکراون کە ڕیزبەندیەکەیان بە پێی جیاکردنەوەی ناوچە بە شێوەی خوارەوەیە:

بێستوون

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥، بێهنام گوڵشادنژاد، خەڵکی بێستوون سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی دەستبەسەرکرا. سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی ناوبراو، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی هەڵگرتن و دۆخی ناوبراو لە بە دەست نەگەیشتووە.

بیجاڕ

ئەمیرعەباس ڕەنجبەران، خەڵکی بیجاڕ، ڕۆژی پێجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەرکراوە. بە پێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان، ناوبراو بۆ ناوەندەی پەروەردە و بارهێنانی بەندیخانەی سنە گواستراوەتەوە و پاش گواستنەوە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو کە بەر دەستدا نییە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، مەیسەم حەیدەرنیا، ٣٧ ساڵە و خەڵکی بیجاڕ و یاریدەدەریی پیزیشکی بەشی ئای سیی یوو (ICU) نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی بیجاڕ، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بجنوورد (خوراسانی باکوور)

مانی وەفادار، منداڵی ١٧ ساڵەی کورد، خەڵکی بجنوورد، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، عەرشیا عیسازادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بجنوورد، بە بێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەریی لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، بە پێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک مانگ دەستبەسەربوون، بە شێوی تەواو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن و پەیوەدندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و بەردەوامیی بێ هەواڵی تەواو لە دۆخی ناوبراو، بووەتە هۆی زۆربوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو.

عارف خانزادە، منداڵی ١٧ ساڵەی کورد و خەڵکی بجنوورد، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان بە بێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەریی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەڕینی یەک مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

ڕەی، ئیسلامشەهر و هەمەدان

عەلی ئاقامحەممەدی، خەڵکی شاری هلیلان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی شاری ڕەی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ڕەی دەستبەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، سیروان شەعبانی، هاووڵاتیی کوردی ٢٥ ساڵە، ژەنیار و سەرپەرشتی ئۆرکێسترای پاپ و سونەتی، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی واوان لە ئیسلامشەهر، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

هەروەها لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ١١ی بەفرانبار لە هەمەدان، مەهدی قیاسوەند ٢٣ ساڵە و ئەمیرحوسێن قوربانی ٢٨ ساڵە، هەردووکیان خەڵکی هەمەدان لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەرکراون. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە کە خزمی یەکن (خاڵۆزا)، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە و تەنیا مەهدی قیاسوەند لە پەیوەندییەکی تەلەفونی کورتدا دەستبەرکرانی خۆی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە