ئیلام؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنبوونی چوار هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو، یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی سابیر بەساتی، نوورەدین چەلەنگەر، فەرەج ئەرسن و ئێلیاس جەوانمەرد لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٦ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، نوورەدین چەلەنگەر، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی چەرداوڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانبار، ئێلیاس جەوانمەرد، خەڵکی لۆمار دەستبەسەر کرابوو و بە تێپەڕبوونی دوو هەفتە هێشتا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباریشدا فەرەج ئەرسن، خەڵکی شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام و چالاکی مەدەنی و ژینگەیی، دەستبەسەر کرا. ناوبراو ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤یش بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو.
ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباریش سابیر بەساتی، گەنجی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی شاری ئیلام و دانیشتووی کەرەج، لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.