ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی میاندواو، سونقوڕ، پیرانشار و بوجنوورد

٢١ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:٥٦

 

هەنگاو؛ سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

لانی کەم ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی بێهزاد عەبدی، ئەنوەر چووپانی، عەلی شەمایێلی، فەردین سەیدە و ئەمیرمحەممەد سەرئەفراز لە شارەکانی میاندواو، سونقوڕ، پیرانشار و بجنورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا و لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، چەندین هاووڵاتی لە ناوچە جیاجیاکان دەستبەسەر کراون کە لیستی ناوەکانیان بەپێی دابەشبوونی ناوچەکان و کاتی دەستبەسەرکرانیان بەم شێوەیەیە:

میاندواو

بێهزاد عەبدی تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی گوندی «گامێش گۆلی»ی سەر بە شارستانی میاندواو و باوکی منداڵێک، بەرەبەیانی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و مۆبایلی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەشیان دەست بەسەردا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەنوەر چووپانی، تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی گوندی «خانکەندی»ی سەر بە میاندواو، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

سونقوڕ(کرماشان)

عەلی شەمایێلی، مامۆستای وانەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئامادەییەکانی شاری سونقوری سەر بە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لە کاتی چوونی بۆ قوتابخانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

پیرانشار

فەردین سەیدە، خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی لەبەردەست نییە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییەیان لە کاتێکدا دەستبەسەر کردووە کە تەنیا دوو ڕۆژ بەسەر هاوسەرگیریەکەیدا تێپەڕ ببوو.

بوجنوورد (خوراسانی باکوور)

ئەمیرمحەممەد سەرئەفراز،  خەڵکی بوجنوورد، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری و بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە؛ دوای تێپەڕبوونی ٢٨ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە