تاران؛ ڕێبوار مارابی هاووڵاتیی کورد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" سزای دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو، سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕێبوار مارابی، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی مارابی سەر بە کامێران و دانیشتووی تاران، لەلایەن دادوەر محەممەدرەزا عەمووزاد، سەرۆکی لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
هەنگاو زانیویەتی کە ڕێبوار مارابی لە ماوەی دەستبەسەرکران و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاشدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕێبوار مارابی زیاتر لە مانگێکە لە بەندیخانەی تاران ناوەندی (فەشافوویە) ڕاگیراوە و تا ئێستاش هەر لەوێدایە.
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کرد کە ڕێبوار ساڵانێکی زۆرە وەک سەرئاشپەز لە تاران خەریکی ئیشوکارە و ماڵەکەشی هەر لەو شارەیە، کەچی بەوە تۆمەتبار کراوە کە تەنیا بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و بە مەبەستی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا چووەتە تاران.
ڕێبوار مارابی ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی فەشافوویەی تاران گواسترایەوە.