ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکران و بێ سەروشوێنکردنی چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سنە، ئیلام و بوجنوورد

٢٢ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٢٠:٢٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فەرهاد وەزیری، ڕەزا پەرەک، مستەفا کەمەرخانی و سرووش دەبیرمەنێش لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی سنە، بوجنوورد و ئیلام دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، سرووش دەبیرمەنێش، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بوجنوورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، فەرهاد وەزیری، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و لە کاسبکارانی پاساژی "ئاشنا"ی ئەو شارە، لە چەند ڕۆژ پێشەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە ڕفێندراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەست نییە.

ڕەزا پەرەک، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشایی، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٨ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەست نییە.

مستەفا کەمەرخانی، خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥، دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ئەشکەنجەوە چاوی بەسەختی بریندار بووە و بەڵێنی ئازادکردنیان دوای مانگێک پێدابوو، بەڵام تا ئێستا لە بەندیخانەی ئیلامدا ڕاگیراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە