ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام و خۆراسانی باکوور
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سیروس قوبادی، سینا غیاسی، پووریا سوڵتانیان، بێهزاد سفیدخانی، حەسەن زارع و ئەمیرسەعید چوارتارە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی ئیلام، سەراوڵە، چوار، ئاسمان ئاوا و ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام و شارستانی شیروانی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنە نادیارەکان گواستراونەتەوە.
دەستبەسەرکراوانی شیروان؛
حەسەن زارع، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی گوندی گوگلی هەڵکەوتوو لە شارستانی شیروان، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٧ی ژانویەی ٢٠٢٦)ـەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٢ ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
دەستبەسەرکراوانی پارێزگای ئیلام؛
سیروس قوبادی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی کورد، ئێوارەی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سینا غیاسی، هاووڵاتیی تەمەن ١٨ ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
هەروەها، پووریا سوڵتانیان، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵ، پاشنیوەڕۆی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، دەستبەسەر کرا.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمیرسەعید چوارتارە، سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بێهزاد سفیدخانی، هاووڵاتیی دانیشتووی ئیلام، دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە یەکێک لە گوندەکانی ئیلام دەستبەسەر کرا.
شایانی باسە کە ئەم شەش هاووڵاتییە تا ئێستا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەش کراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.