ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنبوونی چارەنووسی مەهدی نەقدی، مورتەزا حوسێنی و ئێلیاس ڕەحیمزادە، سێ هاووڵاتیی کورد لە قووچان و بوجنوورد

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٧:٢٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئێلیاس ڕەحیمزادە، مەهدی نەقدی و مورتەزا حوسێنی لە شارەکانی قووچان و بوجنوورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٣ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ئێلیاس ڕەحیمزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بوجنوورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئێلیاس ڕەحیمزادە، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی بێ ئەنجام ماوەتەوە.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، مەهدی نەقدی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی کوردی خەڵکی شارستانی فارووجی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لەگەڵ مورتەزا حوسێنی دەستبەسەر کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ وەرگرتنی وەڵامی تاقیکاریی پزیشکی سەردانی قووچانیان کردبوو کە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەدا دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قووچان گواستراونەتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە