مەشهەد؛ خەلیل ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کورد و لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار سزای بەندکران، لێدانی قامچی و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٢٠:٢٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

خەلیل ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆجنورد، ناوەندی پارێزگای خۆراسانی باکوور و لە بریندارە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەرجەم سزای ٨٠ ساڵ بەندکران، لێدانی٨٠ قامچی و هەروەها دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خەلیل ڕەسووڵی سەرەڕای هەبوونی برینێکی قووڵ کە بەهۆی بەرکوتنی گوللە دروست بووە، ماوەی سزادانەکەی لە دۆخێکی نالەباردا لە بەندیخانەی وەکیڵ ئاوای مەشهەد تێدەپەڕێنێت و بەرپرسانی دادوەری، یاسای کۆکردنەوەی سزاکانیان  لە دۆسیەی ناوبراودا هەڵوەشاندووەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە خەلیل ڕەسووڵی لە مانگی خاکەلێوەی ٢٧٢٦دا، لە ڕەوتی دادگاییکردنی تەواو نادادپەروەرانەدا و لە کاتێکدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە، لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆجنوردەوە تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەندراە. ناوبراو بە تۆمەتگەلی وەک «هانداین بۆ ئاژاوەگێڕی»، «پرۆپاگەندە دژ بە نیزام» و «تێکدانی موڵکی گشتی» سەرجەم بە ٨ ساڵ بەندکران، لێدانی ٨٠ قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری خاش لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان مەحکووم کراوە.

هەرچەند بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان)، دەبوو قورسترین سزا واتە ٦ ساڵ بەندکردن لەم سزایە جێبەجێ بکرێت، بەڵام دادوەر بە ڕوونی بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییەی ڕاگەیاندووە کە یاسای کۆکردنەوەی سزاکان لەسەر ئەو جێبەجێ ناکرێت و دەبێت تەواوی سزاکان تێپەڕێنێت.

خەلیل ڕەسووڵی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری (٢٧٢٥)، لە کاتی خۆپێشاندانی جەماوەری لە شاری بۆجنورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی دوو گوللەی دەمانچەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ناحیەی قاچەوە بە توندی بریندار بوو. ئەو دوای چەند کاتژمێرێک، لە کاتێکدا لە ماڵی خۆیاندا بە برینداری کەوتبوو، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی بۆجنورد گوازرایەوە.

شیاوی باسه کە خەلیل ڕەسووڵی لە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦، دوای یەکلایی بوونەوەی سزاکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد دوور خرایەوە و ڕاگوێزرا. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکیی پسپۆڕی و نەشتەرگەری لە دەرەوەی بەندیخانە بێبەش کراوە و بەهۆی لێکەوتەکانی هەوکردن (عفونت) و ئازاری توند کە بەهۆی مانەوەی پاشماوەی برینی گوللەکە لە قاچیدا دروست بووە، دۆخی جەستەیی ئەو زۆر نالەبار و جێی نیگەرانی ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە