ئاشخانە؛ نیما شیری، هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای بەندکران، دوورخستنەوە و لێدانی قامچی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
نیما شیری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئاشخانە سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور و لە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە یەک ساڵ بەندکران، یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ زاهیدان و لێدانی ٧٤ قامچی بە سەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیما شیری، ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری ئاشخانە، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای سزایی دووی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورادی بە یەک ساڵ بەندکران، یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ زاهیدان و لێدانی ٧٤ قامچی سزا دراوە.
ئەم هاووڵاتییە لە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٤ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە بۆجنۆرد دەستبەسەر کرا.
ناوبراو دوای دوو ڕۆژ و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگایی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.