بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بوجنوورد و قووچان
هەنگاو؛ سێشەممە ۵ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵
سێ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی بێهزاد ئازێرەخش، بێهرووز ئەیزانلوو و مەهدی بەهادۆری، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی قووچان و بوجنوورد دەستبەسەر کراون و زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یەکشەممە ۲۱ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۱۱ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، بێهزاد ئازێرەخش، تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی بوجنوورد، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی بوجنوورد گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
هەروەها، مێهدی بەهادۆری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، هەینی ۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.
ئەو هاووڵاتییە دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی قووچانەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
بێهرووز ئەیزانلوو، وەرزشوانی تەمەن ۳۹ ساڵ و خەڵکی بوجنوورد و باوکی دوو منداڵ، ئێوارەی یەکشەممە ۱۴ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۴ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدان و کەڵکوەرگرتن لە شۆکێر دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەوە بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا بەبێ دیاریکردنی بارمتە لە بەندیخانە ڕاگیراوە و لە مافی ئازادیی کاتی بێبەش کراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.