ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی ۷ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی خوراسانی باکوور و خوراسانی ڕەزەوی

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٤:٥٧

هەنگاو؛ شەممە ۲۵ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان، ناسنامەی حەوت هاووڵاتیی کوردی دیکە بەناوەکانی دیاکۆ یەزدانی، ئەمیرعەلی پەژگۆل، سەعید شادکام، تەقی ئەمیری، عەلی مێهنانی، موجتەبا گوڵی و ڕەزا حەیدەری توپکانلوو کە لە شارەکانی بوجنوورد، ئاشخانە و سەبزەوار دەستبەسەر کراون، بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

 

دەستبەسەرکراوانی بۆجنوورد؛

سەعید شادکام، ڕاهێنەری یاریگا و خەڵکی بوجنوورد، لە ڕۆژی دووشەممە ۶ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۲۶ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها سێ هاووڵاتیی کوردی دیکەی خەڵکی بوجنوورد بەناوەکانی ئەمیرعەلی پەژگۆل، تەقی ئەمیری و عەلی مێهنانی لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کراون و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراون.

دەستبەسەرکراوانی ئاشخانە؛

موجتەبا گوڵی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئاشخانە سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکاندا دەستبەسەر کرا و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

دەستبەسەرکراوانی سەبزەوار؛

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ڕەزا حەیدەری توپکانلوو ناسراو بە ژاکان، هاووڵاتی تەمەن ۲۷ ساڵی کورد و خەڵکی شاری سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ڕۆژی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۸ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە