بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی چوار هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار لە دەستبەسەرگەکانی کەرەج و تاران
هەنگاو، شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
عەلی ئەمرایی، ئەمیر ئەمرایی، کامیار ئەمرایی و محەممەد شەمسی، چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری دەڕەشار سەر بە پارێزگای ئیلام لە مانگێک پێشەوە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەرەج و تاران دەستبەسەرکراون و هەتا ئێستا بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە دەستبەسەرگەدان.
بە پێی ڕاپۆرتیی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، کامیار ئەمرایی ٢٢ ساڵە، ئەمیر ئەمرایی ٢٣ ساڵە، محەممەد شەمسی و عەلی ئەمرایی، هەردووکیان ٢٩ ساڵە، هاووڵاتییانی خەڵکی دەڕەشار، بە تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک هێشتا بە چارەنووسێکی نادیارەوە ڕاگیراون.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، عەلی ئەمرایی لە بەندیخانەی تارانی گەورە و سێ بەندکراوەکەی دیکە لە بەندیخانەی قزلحیساری کەرەج بەندکراون.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە لە مەترسی سەپاندنی تۆمەتە ئەمنیەکان و دەرکردنی بڕیاری قورسن لە کاتێکدا کە لە دەستپێڕاگەیشتن بە سەرەکیی ترین مافەکانیان بێبەش کراون.
ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، ئەمیر ئەمرایی، کامیار ئەمرایی و محەممەد شەمسی لە شاری کەرەج و ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، عەلی ئەمرایی لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان لە تاران دەستبەسەرکراون.
هەوڵی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتییانە بۆ ئازادیی کاتیی منداڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە و ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیان دووپات کراوەتەوە.