ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو برا لە شاری قوروە
هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
شەش هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو برا بە ناوەکانی مەجید باقری، عەلی باقری، موسلیم چراغی، مووسا مەخدوومی، یووسف دێهقانی و ئەنوەر عەلیپەنا، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری قوروە دەستبەسەر کراون و هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، موسلیم چراغی، گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی قوروە لە بەردەم دوکانەکەی (جەلۆبەندسازی) کە لە جووتسایدی ئیمام عەلی هەڵکەوتووە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، مەجید باقری، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە گەڕەکی «بووعەلی جنوبی» دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئەم هێزانە بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسی و ئۆتۆمبێلی بنەماڵەکەدا گرتووە. بەهۆی ئەو کەشە ترسناکەی دروست کراوە، هاوسەرەکەی تووشی شۆکی دەماری بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هاوکات لە هەمان شەودا، هێزە حکومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر «کافە کوردستان» لقی سەراب و دوای دەرکردنی کڕیارەکان و لێپرسینەوە لە کارمەندەکان، عەلی باقری، برای مەجیدیان دەستبەسەر کردووە. تا ئێستا زانیارییەکی ڕوون لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو برایە بڵاو نەکراوەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان بێئەنجام ماوەتەوە.
لەم پێوەندییەدا، مووسا مەخدوومی و یووسف دێهقانی، دوو کارمەندی نەخۆشخانەی شاری قوروە، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هێشتا لە بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە لە دەستبەسەری دان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکردنی ئەم دوو ئەندامەی کادری دەرمان لە دوای جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەیییەکانیان لە بواری فریاگوزاری و چارەسەرکردنی بریندارەکاندا بووە. دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر دەستبەسەرکرانیاندا، ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، تۆمەتەکان و پرۆسەی پێڕاگهیشتن به دۆسیەی ئەم دوو هاووڵاتییە نەداوە.
هەروەها، ئەنوەر عەلیپەنا، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا بە ناڕوونی ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، لایەنە دادوەری و ئەمنییەکان خۆیان دەپارێزن لە پێدانی زانیاریی ڕوون لەسەر پرۆسەی پێڕاگهیشتن به دۆسیەکەی و دیاریکردنی دۆخی یاسایی ناوبراو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.