قوروە؛ دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو، دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی محەممەد ئەسەدی، میلاد موزەفەری، ئیحسان بەشیری و محەممەد خادمی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، میلاد موزەفەری، ئیحسان بەشیری و محەممەد خادمی، هەر سێکیان خەڵکی قوروە، دەستبەسەر کران.
هەروەها، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، هێزە حکومەتییەکان محەممەد ئەسەدی، گەنجی خەڵکی قوروەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی لە شەقامی تەختی بە پەنابردنە بەر توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.
هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی قوروەی بە ناوەکانی مەجید باقری، عەلی باقری، موسلیم چراغی، مووسا مەخدوومی، یووسف دێهقانی و ئەنوەر عەلیپەنا بڵاو کردبووەوە.