دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە حکومەتییەکان لە شارەکانی شنۆ، تاران، ئاودانان، ئیلام، دەڕەشار و سنە
هەنگاو؛ دووشەممە ۲۷ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵
فەخرەدین بابۆلی خەڵکی شاری شنۆ، ئەبۆلفەزل ڕەشیدی خەڵکی دەڕەشار، تاریق ڕەحیمپوور خەڵکی سنە، حوسێن مەحموودی خەڵکی ئیلام، حەسەن مورادیان خەڵکی ئاودانان و مێهرداد محەممەدی خەڵکی قوروە لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مەودای نێوان ڕۆژانی ۲۰ی بەفرانبار تا ۲۷ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، شەش هاووڵاتیی کورد لە شەش شاری جیاواز دەستبەسەر کراون کە زانیاریی زیاتر لەسەر دەستبەسەرکرانیان بەم شێوەیە؛
دەستبەسەرکراوانی پارێزگای ئیلام؛
ئێوارەی یەکشەممە ۲۶ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵، ئەبۆلفەزل ڕەشیدی، گەنجی خەڵکی دەڕەشار سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ۲۶ی ڕێبەندان، حەسەن مورادیان، لاوی خەڵکی ئاودانان و لە بریندارانی ناڕەزاییەکان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. دۆخی تەندروستیی ناوبراو نیگەرانیی لێ کەوتووەتەوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ۲۵ی بەفرانبار، حوسێن مەحموودی، خەڵکی ئیلام لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدانەوە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار داندراوە.
دەستبەسەرکراوانی شنۆ؛
لە ڕێکەوتی ۲۴ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەک بەناوی فەخرەدین بابۆلی، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
دەستبەسەرکراوانی تاران؛
ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانبار، مێهرداد محەممەدی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قەسڵان سەر بە شاری قوروە لە گۆڕەپانی میوە و تەڕەباری تاران دەستبەسەر کرا و زانیارییەک لەسەر شوێن و دۆخی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بنەماڵەی ئەو گەنجە تا ئێستا نەیانتوانیوە بیبینن.
دەستبەسەرکراوانی سنە؛
ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵، تاریق ڕەحیمپوور، تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاوێهەنگی سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دوکانی شوێنی کارەکەی لە سنە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
ناوبراو پێشینەی دەستبەسەرکران و تێپەڕکردنی سزای بەندکرانی هەیە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە تاریق ڕەحیمپوور پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراوە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و دەستیان بەسەر مۆبایل و لەپتاپی ناوبراو و ئەندامانی بنەماڵەکەیدا گرتووە.