ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی چوار کەس لە ئەندامانی کادری دەرمان لە شارەکانی شنۆ، قوروە و سەبزەوار
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
چوار کەس لە ئەندامانی کادری دەرمان لەوانە سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕێبین مەولودی، مووسا مەخدوومی، یووسف دێهقانی و عەلی ڕەحیمی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی شنۆ، قوروە و سەبزەوار دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دکتۆر ڕێبین مەولودی، پزیشکی ددان و کورد و خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی شارستانی شنۆ، لە ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ـەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەم دەرمانگەکەی خۆیدا، لە فەلەکەی نەخۆشخانەی شنۆ ئەنجام دراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
لەم پێوەندییەدا، مووسا مەخدوومی و یووسف دێهقانی، دوو هاووڵاتیی کورد و لە کارمەندانی نەخۆشخانەی شاری قوروە، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هێشتا لە دۆخی دەستبەسەری و ناڕووندایەدا دەژین.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکردنی ئەم دوو ئەندامەی کادری دەرمان لە دوای جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەیییەکانیان لە بواری فریاگوزاری و چارەسەرکردنی بریندارەکاندا بووە. دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر دەستبەسەرکرانیاندا، ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، تۆمەتەکان و پرۆسەی پێڕاگهیشتن به دۆسیەی ئەم دوو هاووڵاتییە نەداوە.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییەی کادری دەرماندا، دکتۆر عەلی ڕەحیمی، پزیشکی ددانی خەڵکی سەبزەوار، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥دا، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دەرمانگەکەی لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە؛ ئەم بابەتە بووەتە هۆی نیگەرانیی جددیی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.