سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی وریا موەید و هەیبەت موەید لە دەستبەسەرگەی ئیتڵاعاتدا

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٢٠:٣٨

هەنگاو، سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

وریا موەید و هەیبەت موەید دوو ئامۆزای خەڵکی سنە، لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکومەتییەدا لەژێر گوشاردا ڕاگیراون.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەیبەت موەید تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی سنە لە ٥٢ ڕۆژ پێش ئێستاوە و وریا موەید، لە ٤٤ ڕۆژ پێش ئێستاوە دەستبەسەر کراون و هێشتا بە ناڕوونی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنەدا ماونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، وریا موەید بەدەست کێشەی جەستەیییەوە دەناڵێنێت و ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیدا نیگەرانییەکانی سەبارەت بە تەندروستیی ناوبراو زیاتر کردووە. بنەماڵەی هەیبەت مویدیش زیاتر لە مانگێکە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵیدا نەبووە.

ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ئەمساڵ، هەیبەت موەید و لە ڕێکەوتی ١٤ی هەمان مانگدا وریا موەید لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگە گواسترانەوە. وریا موید پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە پێشینەی دەستبەسەرکردن و بانگکرانی لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە هەبووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە