سەقز؛ ڕاپۆرتێک لەسەر درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی و ناڕوونی چارەنووسیان
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۳۰ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵
چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەناوەکانی سدیق یووسفپوور، هیوا تاتایی، هێمن حوسێنی و حامید دلاوەری لە نیوەی مانگی بەفرانبار و سەرەتای مانگی ڕێبەنداندا دەستبەسەر کراون و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە. بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە درێژ کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هیوا تاتایی و حامید دلاوەری لە ۳۳ ڕۆژ پێشەوە، هێمن حوسێنی لە یەک مانگ پێشتر و سدیق یووسفپوور لە ۲۹ ڕۆژ پێشترەوە دەستبەسەر کراون و لەو ماوەدا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نەبووە. ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بە بنەماڵەی ئەو کەسانەی وتووە، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو چوار کەسە درێژ کراوەتەوە و ڕەوتی لێپرسینەوەکەیان درێژەی دەبێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییانە، تا ئێستا ڕوون نییە ئەو چوار کەسە لە دەستبەسەرگەکانی سەقز ڕاگیراون و لێپرسینەوەیان لێ دەکرێتەوە یان بۆ سنە گواستراونەتەوە. هەروەها بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکان بۆ شوێنە دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکان لە سەقز و سنە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخیان بێ ئاکام ماوەتەوە.
لە نێوان ئەو هاووڵاتییانەدا هیوا تاتایی و هێمن حوسێنی پێشتر، لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا دەستبەسەر کرابوون.