سنه؛ درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانی سوهراب بەهرامی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد

٥ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ٠٠:٥٧

هەنگاو؛ دووشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

سوهراب بەهرامی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد  و خەڵکی سنە، کە لە مانگێک پێش ئێستاوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و هێشتا لەژێر گوشاری سەختی جەستەیی و دەروونیدا لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیراوە، بڕیاری دەستبەسەرکرانی لانی کەم بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوهراب بەهرامی، خەڵکی سنە، ٢٩ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەدا تێپەڕاندووە، هێشتا لەژێر گوشاردایە و بڕیاری دەستبەسەرکرانی درێژ کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بەهرامی، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی، لەژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونیدا بووە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو.

سوهراب بەهرامی، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٥ی ژانویەی ٢٠٢٦) لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بە پەنابردنە بەر توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە گواستراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە مەدەنییە پێشتریش چەندین جار دەستبەسەر کراوە و لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئێران، سزای چوار ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو؛ سزایەک کە وەک خۆی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و لە کۆتاییدا لە گەڵاڕێزانی ٢٧١٧ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە