ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی و خوراسانی باکوور
هەنگاو؛ یەکشەممە ۳ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵
لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی و خوراسانی باکوور بەناوەکانی ئەسغەر ڕەجەبی، مەهدی جەعفەری، ڕەزا خۆش بونیاد، فەرشاد بەراتی و حوسێن مێهرئەنگیز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی گورگان، مەشهەد، دەرگەز، کەرەج و ئیسفەراین دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۵ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۲۵ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، فەرشاد بەراتی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دەرگەز سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و دانیشتووی گورگان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، لە ئەنجامی هێرشی شەوانەی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوە بۆ ژووری بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی گورگان گواسترایەوە.
هەروەها، مەهدی جەعفەری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دەرگەز و دانیشتووی مەشهەد، دووشەممە ۲۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۱۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
ڕەزا خۆش بونیاد، خەڵکی دەرگەز، پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۸ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە و بە «ئاگردانی چەند دوکان و مزگەوت» تۆمەتبار کراوە.
شایەنی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە تەنیا دایەگەورەیەکی بەساڵاچووی هەیە کە لە ماڵی بەساڵاچووانە و کەسی نییە تا بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکات.
لە لایەکی دیکەوە، حوسێن مێهرئەنگیز، هاووڵاتیی خەڵکی ئیسفەراین سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، دەستبەسەر کرا.
ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو هاووڵاتییە لە کەناڵە حکومەتییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و ڕوبیکا بڵاو کراوەتەوە و نیگەرانیی زیاتری کەسوکاری ئەو هاووڵاتییەی بەدواوە بووە. ناوبراو تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
هەروەها، ئەسغەر ڕەجەبی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بووجنۆرد، ناوەندی پارێزگای خوراسانی باکوور، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی لە شاری کەرەج دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ڕاگیراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.