سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا خانی، چالاکی پیشەیی و کرێکاری سەرەڕای خراپیی باری تەندروستی
هەنگاو، یەکشەممە ٣ی ڕەشەممە
عەبدوڵڵا خانی، لە چالاکانی کرێکاری و پیشەییی کورد و خەڵکی سنە، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ و سەرباری خراپیی دۆخی جەستەییی، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەدا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەبدوڵڵا خانی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی سنە، ٥٨ ڕۆژی ڕابردووی لە بارودۆخێکی سەخت و بە نەخۆشییەوە تێپەڕاندووە و بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی، مەترسیی جددی بۆ سەر ژیانی دروست دەکات.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵا خانی، ئەم هاووڵاتییە پێشتر جارێک تووشی جەڵتە بووە و ناتوانێت بەرگەی بارودۆخی دەستبەسەرکرانی درێژخایەن بگرێت.
ئەم هاووڵاتییە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتدایە و تا ئێستا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.
شایانی باسە کە ئەم چالاکە پیشەیی و کرێکارییە، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە پێشینەی دەستبەسەرکردنی هەبووە.
عەبدوڵڵا خانی ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٥)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە لە ماڵە تایبەتییەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی ٥ی ئازەر دەستبەسەر کرا.