پارێزگای ئیلام؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی دوازدە هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو، چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
دوازدە هاووڵاتی، کە پێکهاتوون لە ١١ هاووڵاتیی کورد و هاووڵاتییەکی لۆڕ، لە شارەکانی ئیلام، دێهلۆڕان، دەرەشار، کارزان، لوومار و ئاودانانی پارێزگای ئیلام، لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی لوومار و لە هەر سێ شاری دەڕەشار لوومار و کارەزانیش هەرکامەیان هاووڵاتییەک لە ماوەی نزیکەی مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون کە وردەکارییەکەی بەم شێوەی خوارەوەیە؛
دەستبەسەرکراوەکانی ئیلام
پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی حەمید لارتی لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار، نیما کورخی تەمەن ١٨ ساڵ لە ٢٣ی بەفرانبار، مەهدی کەسایی تەمەن ١٩ ساڵ لە ١٩ی بەفرانبار، مێعراج شێرخانی تەمەن ٢٠ ساڵ لە ١٩ی بەفرانبار و بێهرووز باسەرە تەمەن ١٩ ساڵ هەر لەو ماوەیەدا دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
دەستبەسەرکراوەکانی ئاودانان
هەروەها فەرزاد مرادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاودانان لە ١٨ی بەفرانبار و محەممەدئەمین سەفەری، هاووڵاتیی لۆڕی خەڵکی هەر ئەو شارە لە ١٣ی ڕێبەندان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکراوەکانی لوومار
دوو هاووڵاتیی خەڵکی لوومار سەربە شاری سیروان’ی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی بێهزاد وەلەدبەیگی تەمەن ١٩ ساڵ لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندان و بێهرووز وەلەدبەیگی لە ١٠ی هەمان مانگدا دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
دێهلۆڕان و ذەڕەشار
فەرشاد ئاتێنی، خەڵکی دێهلۆڕان لە ١٤ی ڕێبەندان و محەممەد زەینیوەند تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی دەڕەسار لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ئەمساڵدا، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەرکراوەکانی کارەزان
لە بەردەوامیی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، سوهراب عەلیدووستی خەڵکی کارەزان سەر بە پارێزگای ئیلام لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان دەستبەسەر کراوە و لە دۆخێکی نادیاردا لە دەستبەسەری دایە.