ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم هەشت هاووڵاتیی کورد بریتی لە دوو منداڵ لە شارەکانی ئاسمان ئاوا، سنە، بیجاڕ و مەهاباد

١٥ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٢٢:٢٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

هەشت هاووڵاتیی بە ناوەکانی هاوڕێ فەرەجی، بەرزان سەفەری، یادگار (نازناو نادیار)، مەهدی قادری، سەعید کەلهۆڕ، کەسرا قادربەیگی، شەهریار ئەسکۆیی و شارۆخ ئەمینپوور لە شارەکانی سنە، بیجاڕ، ئاسمان ئاوا و مەهاباد، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەرکراون.

بە پێی ڕاپۆرتیی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە درێژەی دەستبەسەرکرانە بەرینەکانی هاووڵاتییانی کورد، لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کورد بریتی لە دوو منداڵی ١٦ و ١٧ ساڵە لە شارە جیاوازەکان دەستبەسەرکراون کە ڕیزبەندەکەیان بە پێی جیاکردنەوەی ناوچە و ڕیزی کاتیی بەم شێوەیە؛

ئاسمان ئاباد

شەوی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٣ی فێڤرییەی ٢٠٢٦)، کەسرا قادربەیگی، منداڵی ١٦ ساڵە و خەڵکی شاری ئاسمان ئاوا سەر بە شاری چەرداول سەر بە ئیلام، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

سنە و بیجاڕ

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان، مەهدی قادری ٣٢ ساڵە و دانیشتووی سنە و باوکی دوو منداڵ، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

شەوی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی هاوڕێ فەرەجی، بەرزان سەفەری و یادگار (نازناوی نادیار)، لە شاری سنە بوونە ئامانجی بەدواکەوتن و تیرهاوێژی هێزە حکوومەتییەکان و بە بەکارهێنانی توندووتیژی و لێدانی زۆر دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە.

هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا، شەهریار ئەسکۆیی، بەندکراویی سیاسیی پێشوو، خەڵکی سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوەز

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥،سەعید کەلهۆڕ، منداڵی ١٧ ساڵە و خەڵکی بیجاڕ لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەرکرا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بە تێپەڕینی ١٥ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکران و گواستنەوەی ئەم مێرمنداڵە بۆ ناوەندیی پەروەردە و بارهێنانی بەندیخانەی سنە، بنەماڵەکەی هەتا ئێستا لە وردەکارییەکانی کەیسی ناوبراو بێ ئاگان و بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

مەهاباد

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندان، شارۆخ ئەمینپوور، خەڵکی گوندی «گردی یەعقووب» سەر بە شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان، هێزە حکوومەتییەکان بە بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەریی هەوڵی دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییەیان داوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە