ڕاپۆرتی هەنگاو لە سێیەم ڕۆژی شەڕدا؛ کوژرانی لانی کەم ١٥٠٠ کەس لەوانە ٢٠٠ کەسی سڤیل
هەنگاو؛ یەکشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
هاوکات لەگەڵ سێیەم ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدواداچوون و بەڵگەنامە مەیدانییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژە بە زیانی زۆری هێزە حکومەتییەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل دەکەن. بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکانی هەنگاو، تا ئێستا لانی کەم ١٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٠٠ هاووڵاتیی سڤیل و ١٣٠٠ کەسی سەربازیی ئێران لەخۆ دەگرێت.. ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە ئینتەرنێت لە ئێراندا تووشی گرفت بووە و دەستڕاگەیشتن بە شارە جیاوازەکان لە شەو و ڕۆژدا پەکیکەوتووە.
جیاکردنەوەی زیانەکان و پانتایی جوگرافیی هێرشەکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی بەشی بەڵگەنامە و ئاماری هەنگاو، تا ئێستا ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان لە ١٥٠ شاری ٢٢ پارێزگای ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان. ئەم ئامانجانە بریتین لە: بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە مووشەکییەکان، کلانتەرییەکان، ناوەندە دادوەرییەکان، ستادە خەبەرییەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات، پادگانەکانی ئەرتەش و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لەم پارێزگایانەدا تۆمار کراوە:
تاران، کرماشان، ئورمیە، سنە.
کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی سڤیل
هەنگاو بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە زیادبوونی کوژراوانی سڤیل، پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی پەیوەندی بە پارێزگای هورمزگانەوە هەیە. بەپێی بەڵگەنامەکان، بەشێکی زۆری کوژراوەکان، خوێندکارانی کچن لە قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی شەجەرەی تەیبە. جگە لە هورمزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە چەندین منداڵ لە پارێزگاکانی تاران، خۆراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبۆرز، کرماشان، کوردستان، ئورمیه و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیش تۆمار کراوە.
هەروەها ناوەندە کارگێڕی و نیشتەجێبوونەکانی هاوتەریبی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان لە هێرشە ئاسمانییەکاندا تووشی زیانی توند و پەککەوتنی خزمەتگوزاری بوونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بارودۆخی جەنگی، تا ئێستا دەستی نەکردووە بە چۆڵکردنی ناوچە نیشتەجێبوونەکانی نزیک لە ناوەند و پادگانە سەربازی و ئەمنییەکان، و خەڵک بە شێوەیەکی خۆرسک و ناڕێکخراو لە هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی خۆیان و چۆڵکردن و گواستنەوەدان بۆ شوێنە تا ڕادەیەک ئارامەکان.
شاردنەوەی ئامار و دژایەتی لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا
لە کاتێکدا کۆمەڵەی مانگی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ سێیەم ڕۆژی شەڕدا، لە ئامارە فەرمییەکانیدا، کۆی گشتیی زیانەکانی (بەبێ جیاکردنەوەی سەربازی و سڤیل) تەنیا ٥٥٥ کەس ڕاگەیاندووە، زانیارییە تۆمارکراوەکانی هەنگاو ئەم ژمارەیە وەک بەشێک لە سیاسەتی بەکەمزانیی ئەنقەست و شاردنەوەی حکومەتی دەبینن.
بەسەرکردنەوە مەیدانییەکان نیشانی دەدەن کە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی زیانە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن و لە هەندێک حاڵەتی سنوورداریشدا ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە. هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانیان و پاراستنی گیانی سڤیلەکان لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنفرانسی نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکان دەکات بە چاودێریی تایبەت لەسەر کوژراوانی سڤیل، بەتایبەت بە سەرنجدان بە سیاسەتە شاردنەوەکانی کۆماری ئیسلامی، لایەنە شەڕکەرەکان بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە ناچار بکەن بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل.