ئاشکراکردنی ناسنامەی ٢١ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد که لە ڕەوتی شەڕدا کوژراون
هەنگاو؛ دووشەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
٢١ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا کوژراون کە لە نێوانیاندا منداڵ و ژنی دووگیانیش هەن. زۆربەی ئەم کەسانە لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی نزیک لە پادگانەکانی سوپای پاسداران و ناوچە ئەمنی و سەربازییەکان کە کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان، کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، ئەسعەد محەممەدی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی پاوە سەربە پارێزگای کرماشان، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کەلانتەریی ئەو شارەدا کوژرا. ناوبراو لە مەیدانی دەفی شاری پاوە خەریکی پیشەی میوەفرۆشی بووە.
ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، ئەبوبەکر موغمی تەمەن ٧٥ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کەلانتەریی ١١ی ئەو شارەدا گیانی لەدەستدا.
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئەبوبەکر عەلیزادە، تەمەن ٦٣ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە کە لە کاتی کردنە ئامانجی ناوەندە سەربازییەکان لە ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەمە لە بەشی سەریەوە بەر تەرکەش کەوتبوو، دوای چەند ڕۆژ و لە ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەدا لە بەشی چاودێریی ورد لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممە، نیعمەت شەمسپوور خەڵکی گوندی شەمەلکان لە ئورمیە، لە کاتی بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازییەکانی ئەو شارەدا کوژرا. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، دڵشاد ڕەشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لە کاتی بۆردومانکردنی بنکەکانی سوپای پاسدارانی ئەو شارەدا کوژرا.
لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، فەردین داربووی، خەڵکی مەریوانیش لە کاتی بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازییەکانی سوپا لە مەیدانی مامۆستای ئەو شارەدا گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممە، بەهرام قەسری خەڵکی سنە، لە بلواری شبلی ئەو شارەدا کوژرا.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەمە، شاهۆ بەهرامی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی دزڵی سەربە سەوڵاوا، لە کاتی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سوپا لەو گوندەدا کوژرا.
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەممە بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی شاری ڕوانسەریش، منداڵێکی ١٦ ساڵ بە ناوی هەستی محەممەدی خەڵک و دانیشتووی گوندی کەلاوەی ڕوانسەر کوژرا.
لە هەمان ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەدا، منداڵێکی دیکەی ١٤ ساڵ بە ناوی ماهان زارعی، خوێندکاری پۆلی هەشتەم و خەڵکی کامێران، لە بۆردومانکردنی کەلانتەریی ئەو شارەدا کوژرا.
هەروەها جەمال قادری خەڵکی گوندی نسنار سەر بە سەوڵاوا، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممە هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان لە تاران کوژرا.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتگەلێکدا هەواڵی کوژرانی ١٠ کەسی دیکەی لە هاووڵاتییان لە دیواندەرە، مەریوان و بۆکان لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان بڵاو کردبووەوە.