مەریوان؛ سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لەوانە ژنێکی دووگیان و منداڵێکی ٤ ساڵان بە هۆی بوردمانەکانەوە گیانیان لەدەست دا
هەنگاو: شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد بە ناوەکانی میترا جەلیلاوی، فەرزاد بازرگان و کارن بازرگان، خەڵکی مەریوان، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر باڵەخانەیەکی سوپای پاسداران لەو شارە، گیانیان لەدەست دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ (٢ی مارسی ٢٠٢٥)، میترا جەلیلاوی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئەهواز (کە نۆ مانگە دووگیان بوو)، هاوژینەکەی بە ناوی فەرزاد بازرگان، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "دەرێ"ی مەریوان و منداڵە تەمەن ٤ ساڵانەکەیان بە ناوی کارن بازرگان، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر باڵەخانەی سوپای پاسداران لە مەریوان، گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "میترا جەلیلاوی لە مانگی نۆیەمی دووگیانیدا بووە و خەریکی ئامادەکاری بووە تاوەکوو بۆ منداڵبوون بچێتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە."
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: "ماڵی ئەم بنەماڵەیە لە پشتی سەربازگەی سوپای پاسداران هەڵکەوتووە و لە کاتی کردنە ئامانجی ئەو ناوەندە سەربازییە، ئەم سێ ئەندامەی بنەماڵەکە لەناو ماڵەکەی خۆیاندا بوونەتە قوربانی."
شایانی باسە کە هەنگاو ڕۆژی دووشەممە گرتەویدیۆییەکی لە کاتی هێرشکردنە سەر ئەو بنکەیەی سوپای پاسداران بڵاوکردەوە؛ بەهۆی هێزی تەقینەوەکە و ئاستی وێرانکارییەکە، زیانێکی زۆر بە خانووەکانی دەوروبەری ئەو شوێنە گەیشتووە و بۆ ماوەیەک کارەبای شاری مەریوانیش پچڕابوو.