ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە کوژرانی ٤٣٠٠ کەس لەوانە ٣٩٠ هاووڵاتیی مەدەنی لە دە ڕۆژی یەکەمی شەڕدا
هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
لەگەڵ دەستپێکردنی یازدەهەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدواداچوون و بەڵگەمەندکردنی مەیدانیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەردەوامە و بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکانی هەنگاو، تا کۆتاییی ڕۆژی دەیەمی شەڕ، لانی کەم ٤٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٩.٦٪یان پێکدێت لە ٣٩٠ هاووڵاتیی سڤیل و سێ هەزار و ٩١٠ کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێران بوون.
دابەشبوونی قوربانییەکان و پانتاییی جوغرافیایی هێرشەکان
بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندی بەڵگەنامە و ئاماری هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ تا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەممە، تا ئێستا ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان لە ١٦٧ شاری ٢٤ پارێزگای ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکان. ئەم ئامانجانە بریتین لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، کەلانتەرییەکان، دامەزراوە دادوەرییەکان، ستافە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، پادگانەکانی سوپا و بنکەکانی یەکەی تایبەت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو کۆکراونەتەوە، تا ئێستا سێ هەزار و ٩٠٠ سەربازی حکومەتی کوژراون کە زۆربەی ئەم قوربانییانە سەر بە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین کوژراوی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراون.
کوژرانی لانی کەم ٣٩٠ هاووڵاتیی سڤیل لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی پەیوەندی بە پارێزگای هورمزگانەوە هەیە. بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان، بەشێکی زۆر لە کوژراوەکان، کچە خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی بوون لە قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە".
جگە لە هورمزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی مەدەنی لەوانە چەندین منداڵ و ژن لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، کرماشان، فارس، خۆراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبورز، ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیش تۆمار کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٣٩٠ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە ٩.٦٪ی کۆی قوربانییەکانە.
هەروەها هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە هێزە سەربازییەکانی ئێران شوێنە سەربازییەکانیان چۆڵ کردووە و لە قوتابخانەکان، بەشە ناوخۆیییەکانی قوتابخانەکان و مزگەوتەکان کە لە ناو جەرگەی ناوچە نیشتەجێبووەکانی مەدەنی دان جێگیر بوون، ئەمەش دەتوانێت ڕێژەی قوربانیانی هاووڵاتییانی سڤیل بەرز بکاتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە لە گەڕەکی مووسەک ٢ی مەریوان، خەڵک بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕێگرییان لە جێگیربوونی هێزە سەربازییەکانی حکومەت لە هۆڵێکی وەرزشیدا کردبوو.
زیانی گیانیی بەرفراوانی هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان
لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حکومەتییەکان بە توندی بەڕێوەچووە و لە ٣٢ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئورمیە، لانی کەم ١٨٠ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج.
بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەریان خستووە کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا، لانی کەم ٩٠٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چوار پارێزگایەدا کوژراون.
هەروەها لانی کەم ٥٠ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی ورمێ، سنە، دیواندەرە، نەغەدە، بۆکان و کرماشان تۆمار کراون.
هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی کوژراوە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن و لە هەندێک حاڵەتی سنوورداریشدا ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە. هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی ڕاستی و دروستی لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ململانێ چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جارێکی دیکە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بە چاودێرییەکی تایبەت بەسەر کوژراوانی مەدەنی و بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتەکانی شاردنەوەی ئامار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لایەنە بەشداربووەکانی شەڕەکە پابەند بکەن بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل.