پێنجەمین ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر شەڕ؛ کوژرانی ٥٣٠٠ کەس لەوانە ٥١١ کەسی مەدەنی لە ١٨ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
هاوکات لەگەڵ هەژدەیەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توند لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە. بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکانی ناوەندی بەڵگەنامەکانی هەنگاو، تا کۆتاییی ڕۆژی هەژدەیەمی شەڕ لانی کەم ٥٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٩.٦٪ی ئەوانە پێکهاتوون لە ٥١١ هاووڵاتیی مەدەنی و چوار هەزار و ٧٨٩ کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانن.
جیاکاریی زیانەکان و پانتاییی جوگرافیی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان
بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەکانی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ تا ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، لانی کەم لە ١٧٨ شاری ٢٥ پارێزگای ئێران، ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم ئامانجانە پێکهاتوون لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندەکانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی سوپا و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو کۆکراونەتەوە، تا ئێستا چوار هەزار و ٧٨٩ سەربازی حکومەتی کوژراون کە زۆربەی ئەم قوربانییانە لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، ئەلبورز، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری «شاردنەوەی سیستماتیک»، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆیان دەپارێزن و لە کاتە دەگمەنەکاندا، ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەکان دەخەنە ڕوو.
کوژرانی لانی کەم ٥١١ کەسی سڤیل لە ١٨ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی پێوەندیی بە پارێزگای هورمزگانەوە هەیە. بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان، بەشێکی زۆری کوژراوەکان، کچە قوتابییانی قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی «شەجەرەی تەییبە» بوون. جگە لە هورمزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە دەیان منداڵ و ژن لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، کرماشان، فارس، خۆراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبورز، ئیلام، مەرکەزی، لوڕستان، ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیش تۆمار کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٥١١ کەسی مەدەنی لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە دەکاتە ٩.٦٪ی کۆی قوربانییەکان.
لە کۆی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کوژراون، هەنگاو کوژرانی ١٢٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و هەروەها ١٦٠ ژن پشتڕاست دەکاتەوە. شایانی باسە کە میدیا حکومەتییەکان و هەروەها بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە قوتابخانەی میناب ١٦٧ منداڵ کوژراون. بەڵام تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ١٨ ڕۆژ، تەنیا ناسنامەی ٥٨ کەس لە قوربانییانی ئەم قوتابخانەیە ڕوون بووەتەوە کە ٤٨ کەسیان منداڵ و ١٠ کەسیشیان گەورەساڵن.
هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە نیشانی دەدەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە جێهێشتنی بنکە فەرمییەکان، لە شوێنە گشتی و نەسەربازییەکان لەوانە قوتابخانەکان، بەشەناوخۆیییەکانی خوێندکاران و مزگەوتەکان کە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکاندان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە، بەپێی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ، وەک بەکارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەکرێت و گیانی کەسانی مەدەنی بە توندی خستووەتە بەر مەترسی.
زیانی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان
لە ١٨ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حکومەتییەکان بە توندی ئەنجام دراوە و لە ٣٥ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئورمیە، لانی کەم ٢٢٣ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج.
بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە لە ماوەی ١٨ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا لانی کەم ١٣٥٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چوار پارێزگایەدا کوژراون.
هەروەها لانی کەم ٩٠ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی ورمێ، سنە، دیواندەرە، شاباد، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان تۆمار کراون.
هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە دامەزراوە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی کوژراوە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن و تەنانەت زۆربە دەگمەنی ئامارێکی زۆر کەمترە لە ڕاستی بڵاودەکەنەوە.
هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییەکان و پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل لە ململانێ چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنڤانسیحنە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
داواکاریی هەنگاو
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە جەختکردنەوە لەسەر کۆنڤانسییۆنی چوارەمی ژنێڤ سەبارەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنی لە کاتی شەڕدا، ڕادەگەیەنێت کە لایەنە شەڕکەرەکان پێویست بە جیاکردنەوەی ورد لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکاندا پێبەندبن.
هەنگاو لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤ، داوا دەکات بە گوشار خستنە سەر لایەنەکانی شەڕ و چاودێریی تایبەت لەسەر سیاسەتەکانی شاردنەوەی کۆماری ئیسلامی، میکانیزمەکانی پاراستن بۆ پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل دەستبەجێ چالاک بکەن.