ڕاپۆرتی تایبەت: میلیتاریزەکردنی شوێنە گشتییەکان و زیادبوونی کەشی ئەمنی و سەربازی لە کوردستان

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٢:٤٢

بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ گرژبوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی «بەکارهێنانی ئامرازییانەی شوێنە گشتییەکان»ی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لەوانە سەردەشت، پاوە، ڕوانسەر، کرماشان، مەهاباد، سەقز، مەریوان و بانە بە شێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێ کردووە. ئەم هەنگاوانە نەک هەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی پەکخستووە، بەڵکوو گیانی کەسانی سڤیلی وەک «قەڵغانی مرۆیی» خستووەتە بەر مەترسییەکی جیدی و ڕاستەوخۆ.

گۆڕینی ناوەندە گشتی و پەروەردەییەکان بۆ سەربازگە

ڕاپۆرتەکان باس لە جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزەکانی سوپای پاسداران و کەرەستە قورسەکان لەم شوێنانەی خوارەوە دەکەن:

ناوەندە پەروەردەییەکان: هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ هاووڵاتییاندا زانیویەتی، ژمارەیەک قوتابخانە لە شارەکانی سەقز، سەردەشت، سنە، پاوە، ڕوانسەر، کرماشان، مەهاباد و گوندەکانی دەوروبەریان لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە بەکار دەهێنرێن؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران، سەرجەم قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان لە ئێراندا داخراون.

شوێنە ئایینی و وەرزشییەکان: شایەتحاڵەکان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە، مزگەوتەکان لە گوندی بێورانی سەردەشت، گۆگجەی مەریوان و گوندەکانی پاوە، هەروەها هۆڵە وەرزشییەکان وەک جەلیلی خەسرەوشاهی لە مەهاباد و هۆڵی وەرزشیی حیجاب لە سەقز، گۆڕدراون بۆ شوێنی جێگیربوونی سەدان هێزی چەکدار و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی قورس و نیوەقورس.

بەپێی کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ، جیاکاری لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و شوێنە مەدەنییەکان بنەمایەکی سەرەکییە. جێگیرکردنی هێزەکان لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و ناچارکردنی هاووڵاتییان بە چۆڵکردنی ماڵەکان، نموونەی بەرچاوی خستنە مەترسیی بەئەنقەستی گیانی هاووڵاتییانە لە بەرانبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا.

 

بەرگریی مەدەنی و هەڕەشە سنوورییەکان

لە تەنیشت کەشی ترس و تۆقاندن، ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هەنگاو باس لە بەرگریی بەکۆمەڵی هاووڵاتییان لە بەرانبەر جێگیربوونی هێزە سەربازییەکان لە ناوەندە پەروەردەیی و وەرزشییەکان دەکەن؛ بە شێوەیەک کە خەڵکی گوندی گۆگجەی مەریوان توانییان هێزە چەکدارەکان لە مزگەوت و قوتابخانەی گوندەکە وەدەر بنێن. هەروەها هەنگاو لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاپۆرتی سەبارەت بە بەرگریی جەماوەری لە ناو شارەکانی مەریوان و سەقز لە دژی گواستنەوە و جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان لە هۆڵە وەرزشییەکاندا بڵاو کردبووەوە.

لە ڕاپۆرتەکانی پێشووی هەنگاودا هاتووە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارە سنوورییەکان، فەرمانی تەقەی ڕاستەوخۆیان بۆ ئەو هاووڵاتییانە پێیە کە لەو ناوچانەدا هاتوچۆ دەکەن و ئەم بابەتە گیانی هەزاران هاووڵاتیی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیدی کردووەتەوە. لەم پێوەندییەدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا فەرزین ساسانی لە سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە بە سەختی بریندار بووە و هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی ئارمان خالق پەنا لە سنووری بانە، لە کاتی شۆفێریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە.

هەروەها، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆچەرییەکانی ناوچە سنوورییەکانی قەسری شیرین، خەسرەوی، نەفتشەهر و سۆمار بە گوشار و مۆڵەتی هێزە سەربازییەکان ناچار بە جێهێشتنی ئەو ناوچانە کراون. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە چۆڵکردنی ئەم ناوچە سنوورییانە بە مەبەستی جێگیربوونی یەکەکانی زرێپۆش و تۆپخانەی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە.

ئەم کارانەی ئێستا لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا ئەنجام دەدرێن، لەوانە جێگیربوون لە مزگەوت و قوتابخانەکان، دروستکردنی چەندین بازگەی پشکنین و هەڕەشەی کوشتن لە سنوورەکان، نیشاندەری پێشێلکردنی سیستماتیکی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤن. بەردەوامیی ئەم دۆخە و بەکارهێنانی هاووڵاتییانی مەدەنی وەک قەڵغانی بەرگری، دەبێتە هۆی زیادبوونی قوربانییانی مەدەنی لەم ناوچانەدا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە