بانە: کوژرانی ئارمان خالق‌پەنا هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی دیکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٤:٥٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥


هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی سەقز بە ناسنامەی ئارمان خالق‌پەنا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شاری بانە کوژراوە و سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا مەهجوور، سالار ئازەر و شێخ زاهید شەهابی لەلایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (١١ی مارسی ٢٠٢٦)، هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شارستانی بانە دوای گەمارۆدانی ئۆتۆمبێلێک دەستبەجێ داویانەتە بەر دەستڕێژی گوللە کە بووەتە هۆی کوژرانی گەنجێک بە ناوی ئارمان خالق‌پەنا، شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلە.

هاوکات، دوای کوشتنی شۆفێرەکە، سێ سەرنشینی دیکەی ئەم ئۆتۆمبێلە کە هەموویان خەڵکی سەقزن، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ئەم سێ هاووڵاتییە عەبدوڵڵا مەهجوور لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، سالار ئازەر و شێخ زاهید شەهابی لە چالاکانی ئایینیی کوردستان، بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە.

هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەباوەڕپێکراوەکان زانیویەتی کە تا ئێستا تەرمی ئارمان خالق‌پەنا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەدا، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بێئاکام ماوەتەوە.

شایانی باسە، دوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی کەسانی دەستبەسەرکراو و بە دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن، ماڵەکانیان پشکنیون.

هەنگاو پێشتر بڵاوی کردبووەوە، پشکنین لە ماڵی بنەماڵەی شەهابی بە شێوەیەکی ئەوەندە توندوتیژانە بووە کە دوای چوونەدەرەوەی ئەم هێزانە، ئەندامانی بنەماڵەکە بەهۆی شێواویی زۆری ماڵەکە و هەروەها هەڕەشەی هێزەکانی سوپا، ماڵەکەیان چۆڵ کردووە.

لە نزیکەی مانگێک لەمەوبەرەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزێکی زۆری بۆ شارەکانی کوردستان گواستووەتەوە؛ ئەم هەنگاوانە بەتایبەت دوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران و ئیسرائیل ئەنجام دراون کە لە ئەنجامدا دانانی بازگەی گەڕۆک و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان و بەکارهێنانی توندوتیژی دژی هاووڵاتییان لە ڕێگەکانی کوردستاندا زیادی کردووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە