سێ دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار لە بەندیخانەی قوم لەسێدارە دران

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١١:١١

هەنگاو: پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ 

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانی تۆڵەسەندنەوەدا، سزای لەسێدارەدانی سێ کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی بە ناوەکانی ساڵح محەممەدی، مەهدی قاسمی و سەعید داوودی، کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کرابوون، بە تۆمەتی "مۆحارەبە" بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری قوم جێبەجێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، سزای سێدارەی ساڵح محەممەدی، تەمەن ١٩ ساڵ و ئەندامی هەڵبژاردەی زۆرانبازیی ئێران، مەهدی قاسمی و سەعید داوودی جێبەجێ کرا. ئەم سێ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "مۆحارەبە" و کوشتنی دوو کەس لە هێزە ئینتزامییەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئاژانسی هەواڵی "میزان" سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە، ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە بەهۆی "بەشداری لە کوشتنی" محەممەد قاسمی هۆماپوور و عەباس ئەسەدی، لە ئەندامانی فراجا لە ڕەوتی ی خۆپیشاندانەکانی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ بە بەکارهێنانی چەکی سارد لە دوو ناوچەی "چوارڕێیانی نەکویی" و "مەیدانی نەبووەت"، لە دادگا بە مۆحارەبە تۆمەتبار کراون.

جێگای ئاماژەیە کە ساڵح محەممەدی، ئەم زۆرانبازە تەمەن ١٩ ساڵە، چەندین جار لە دانیشتنەکانی دادگادا هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردبووەوە و جەختی کردبووەوە کە سەرجەم دانپێدانانەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە. هەروەها، سەرەڕای ئەوەی کە وێنەی کامێراکانی چاودێری ئامادەبوونی ناوبراویان لە شوێنی ڕووداوەکە پشتڕاست نەدەکردەوە و بنەماڵەکەشی شایەتحاڵیان هەبوو کە لە کاتی ڕووداوەکەدا لە ماڵی مامی بووە، بەڵام بێدادگای ڕژێم ئامادە نەبوو گوێ لە شایەتحاڵەکان بگرێت.

 

هۆشداری سەبارەت بە کۆمەڵکوژی لە بێدەنگیی میدیاییدا:

کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا کە لە بوارە سەربازی، نێودەوڵەتی و سیاسییەکاندا تووشی تەنگژەی جیدی بووە، جارێکی دیکە سیاسەتی "تۆڵەکردنەوە لە کۆمەڵگە"ی گرتووەتە بەر و بەندکراوانی سیاسی و خۆپیشاندەران دەکاتە قوربانی. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ئەم سزایانە لە دوای پرۆسەیەکی دادوەریی تەواو نادادپەروەرانە و بێ هەبوونی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ دەرکراون.

هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم تاوانە، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ڕاگرتنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی و گوشار خستنە سەر حکوومەت بۆ خستنەوەگەڕی ئینتەرنێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی زیاتر، هەنگاوێکی بەپەلە و کردەیی بنێن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە