ئیسفەهان؛ ساسان ئازادوار، وەرزشوانی تەمەن ٢١ ساڵی لوڕ و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەسێدارە درا

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٩:٢٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سزای لەسێدارەدانی ساسان ئازادوار، وەرزشوانی تەمەن٢١ ساڵی لوڕ و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان (دەستگێرد) جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی ساسان ئازادوار کە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورتەزا بەراتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان بە شێوەی نهێنی جێبەجێ کرا. ئاژانسی هەواڵی میزانی سەر بە دەزگای دادوەری، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵی لەسێدارەدانی ناوبراوی بڵاو کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئازادوار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەیوەندی بە بنەماڵەی ئازادوارەوە کراوە کە کوڕەکەیان لەسێدارە دراوە و ڕۆژی هەینی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی هەنگاو هەڵبگرن".

ساسان ئازادوار، پاڵەوانی کاراتەی پارێزگای ئیسفەهان لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە تا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی بکرێت؛ ئەو دانپێدانانەی کە تەنیا بەڵگەی دادوەر بەراتی بوو بۆ دەرکردنی سزای مەرگ.

ئەم حوکمە لە کاتێکدا دەرچوو و لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە کە دۆسیەکەی لەگەڵ ناڕوونییەکی زۆری یاسایی ڕووبەڕوو بوو و پارێزەرەکەشی جەختی دەکردەوە کە هیچ جۆرە بەڵگە و دۆکیومێنتێکی باوەڕپێکراو دژی ئەم گەنجە وەرزشکارە لە دۆسیەکەدا نییە. سزای کۆتاییی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ بە فەرمی ڕاگەیەندرا بوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی جێبەجێکردنی ئەم سزایە، لەسێدارەدانی ساسان ئازادوار بە نموونەی بەرچاوی کوشتنی حکومەتی و تۆڵەکردنەوە لە ناڕەزایەتییان دەزانێت. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ساسان ئازادوار لە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بەرگریی کاریگەر بێبەش کراوە.

هەنگاو جارێکی دیکە هۆشداری دەدات بەرامبەر بە لەسێدارەدانی خێرای دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی بەفرانبار و داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە بەرامبەر ماشێنی سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێدەنگ نەبن. بەردەوامیی ئەم لەسێدارەدانانە نیشاندەری بڕیاری دەزگای دادوەرییە بۆ سەرکوتی خوێناویی هەر جۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی لە ناو کۆمەڵگەدا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە