بۆکان؛ کوژرانی سێ هاووڵاتیی مەدەنی لەوانە منداڵێکی ١٥ ساڵە لە ئەنجامی بۆردومانکردنی باڵەخانەی فەرمانداری
هەنگاو؛ هەینی ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان لە بۆکان، سێ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد و خەڵکی بۆکان لەوانە منداڵێکی ١٥ ساڵە و خوێندکارێکی ڕشتەی پزیشکی بە ناوەکانی شایان مامسەلیمی، پەیمان عیرفانی و ئەردەڵان پاکدڵ لە بۆکان کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، لە کاتی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر باڵەخانەی فەرمانداریی بۆکان، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی شایان مامسەلیمی تەمەن ١٥ ساڵ ، ئەردەڵان پاکدڵ تەمەن ٢١ ساڵ و خوێندکاری پزیشکی زانکۆی ئورمیە و پەیمان عیرفانی تەمەن ٣٠ ساڵ لەو شارەدا کوژران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە لە کاتی ئەم هێرشانەدا لانی کەم ٥٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە سەرنجدان بە توندیی وێرانکاریی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممە بۆ سەر ناوەندی ئەو شارە و بەرکەوتنی چەندین موشەک بە باڵەخانەی فەرمانداری، هەنگاو نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی هاووڵاتییانی سڤیل لە بۆکان دەردەبڕێت.