سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی کاوە ناسری، هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە لە کاتی شەڕێ ٤٠ ڕۆژەدا
هەنگاو؛ شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
کاوە ناسری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە، لە کاتی ڕاوەدوونانیدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم شارەدا و لە ماوەی ڕۆژانی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگیی ئەم هێزانە کوژرا. هێزە حکومەتییەکان بە کەسوکاری ئەم گەنجەیان ڕاگەیاندووە کە ئێمە پێمان وابووە کاوە ناسری "ئیسرائیلی"یە و بەم هۆیەشەوە تەقەمان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٩ی مارسی ٢٠٢٦)، کاوە ناسری تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی سنە و دانیشتووی کەرەج، لە ئەنجامی ڕاوەدوونانیدا لەلایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی ئەم هێزانە لە سنە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کاتژمێر ٢:٣٠ی بەرەبەیان لە گەڕەکی چوارباخی سنە، هێزە ئەمنییەکان بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پێژۆیان ڕاوەدوو ناوە و لە جووتسایدی کوردستاندا دەستڕێژیان بەرامبەر بەم ئۆتۆمبێلە کردووە کە نزیکەی ١٢ گوللە بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.
هەنگاو زانیویەتی کە، دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکە لە کاتێکدا شۆفێرەکە زیندوو بووە، هێزە حکومەتییەکان بە تەقەکردنی دوو گوللە لە پشتەوە بۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، ئەم هاووڵاتییەیان کوشتووە.
هێزە حکومەتییەکان دوای کوشتنی کاوە ناسری بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە، بە گومانی "سەهیۆنیست" بوونی ناوبراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە و گوللە کەمانەی کردووە پاشان بەر ئەو کەوتووە، لە کاتێکدا بەپێی بەڵگە و ڤیدیۆگەلێک کە گەیشتوونەتە دەست هەنگاو و هەروەها بە وتەی شایەتحاڵان ، ئەم هاووڵاتییە دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللە لە نزیکەوە گیانی لەدەست داوە.
جێگای ئاماژەیە کە، بنەماڵەی کاوە ناسری دوای چەندین کاتژمێر گەڕان لە نەخۆشخانەکانی سنە و پەیوەندیگرتن لەگەڵ هاوڕێیان و خزمەکانیان و بێ ئاگابوون لە کوڕەکەیان، لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی گەڕۆک (دوای لەناوچوونی بنکەکانی پۆلیسی سنە لە پێناو هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، ئەم هێزانە لە کانێکسە کاتییەکاندا لەسەر ئاستی شارەکەدا جێگیر ببوون) لە کوژرانی کوڕەکەیان ئاگادار دەبنەوە، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکەی دەڵێن بەدوای تەرمی کوڕەکەیاندا نەگەڕێن چونکە چەکی لێ دۆزراوەتەوە و بەم هۆیەوە کوژراوە.
دوای کوژرانی کاوە ناسری، نزیکانی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی خۆپاراستن لە میدیاییکردنی هەواڵی کوژرانی، کەوتوونەتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە.
کاوە ناسری دانیشتووی کەرەج بووە و دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ماڵی دایک و باوکی لە سنە گەڕابووەوە و سەرقاڵی هاوسەرگیری و ئامادەکاریی ڕێوڕەسمی داواکاریدا بووە.
کاوە ناسری چەند مانگ پێش کوژرانی، بەهۆی نزمیی ئۆتۆمبێلەکەی (سیستەمی ئەسپۆرت)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو و ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماوەی چەندین حەوتوو ڕاگیرابوو، کەسوکاری ناوبراو هۆکاری ڕانەگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی دوای ڕاوەدوونانی کە بووە هۆی کوژرانی، بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێننەوە کە ئەو لە ترسی دەسبەسەرداگرتنی دووبارەی ئۆتۆمبێلەکەی بەهۆی نزمییەکەیەوە، نەیویستووە ئۆتۆمبێلەکەی ڕابگرێت.